دوو شەممە, 21 شوبات 2011 17:36

ساڵیادی کۆچی دوایی نەمر مامۆستا عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی(مامۆستا هەژار)

ئەمڕۆ دووەمی ڕەشەممە ،بیست و یەکی فێڤرییەی 2011، ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵیادی کۆچی دوایی نووسەر، توێژەر، وەرگێڕ و شاعیری ناوداری کوردی ئێران، مامۆستا عەبدوڕەحمانی شەرەفکەندی ، ناسراو بە هەژار.

 

هەژار، ساڵی 1300ی هەتاوی، 1921ی زایینی لەشاری مەهاباد لە دایک بوو.

باوکی پیاوێکی ئایینی و دیندار بوو کە ژیانێکی سادە و ساکاری هەبووە.

عەبدوڕەحمان تەمەن دوو ساڵان بوو کە لە سۆزی دایکی بێ بەش بوو و لە هەمان سەردەمی منداڵییەوە تامی سەخڵەتی و تاڵی ژیانی چێشت.

کە پێی نایە نێو تەمەنی پێنج ساڵانەوە بەلای باوکییەوە فێری ئەلف وبێ و قورئان خوێندن بوو و پاشان نرایە بە ر خوێندن و دواتریش ڕەوانەی خانەقای "شێخی بورهان" کرا و پاش فێر بوونی زانستە پێویستەکان، بەرەو گوند و ئاواییەکانی دەوروبەر چوو و بەلای چەند مامۆستایەکی پایەبەرزەوە ، پلەی زانیاری خۆی بەرزکردەوە.

لە تەمەنی حەڤدەساڵان دا بەرپرسایەتی گەورەکردن و پێگەیاندنی خوشک و برا چکۆڵەکانی کەوتە ئەستۆ.

بۆیە بە ناچاری وازی لە خوێندن هێنا و پاش کۆچی دوایی باوکی ، دەست بەرداری خوێندن بوو و ڕووی کردە دەست خستنی بژێوی ژیان .

لەبەر گرینگی و بایەخدانان بۆ خوێندنی براکانی ، سەرباری هەموو گێرە و کێشەکانی ژیانی شارنشینی ، ناچار بوو ڕوو بکاتە شاری بۆکان.

هۆگریی فرە و فراوانی عەبدوڕەحمانی لاو، بە زمان و تۆرەی کوردی ئەوەندە زۆر بوو کە تا ساڵەهای ساڵ زۆربەی شیعری شاعیرانی لەبەربوو.

دواتر نازناوی هەژاری بۆ خۆی هەڵبژارد کە زمانحاڵی ژیانی خۆی بوو .

یەکەمین بەرهەمی شیعری مامۆستا هەژار ناوی "ئاڵەکۆک"ە کە بۆ زمانی ئازەریش وەرگێڕدراوە و بڵاو بوەتەوە.

هەژار لەبەر کێشەی سیاسی پاش دوو مانگ مانەوە لە زیندانی سەقز دا لە حاڵێکدا دەیانەویست بیگوێزنەوە بۆ مەهاباد ، توانی لە زیندان ڕا بکات و پاش سەخڵەتییەکی فرە و فراوانی نێو سەرما و کڕێوەی زستان ،خۆی گەیاندە خاکی ئێراق.

لەوێش ئەرچی بەدەست گەلێک گیروگرفتەوە ناڵان بوو بەڵام وازی لە خوێندنەوە و موتاڵا نەهێنا و بەردەوام بەشێکی ئەوپارەییەی دەستی دەخست، کتێبی پێ دەکڕی.

لەبەر کاری تاقەت پڕووکێن و تووشبوون بە بەدخۆراکی، گیرۆدەی نەخۆشیی ئازارەباریکە هات و دواتر لە لایەن ژومارەیەک لە هاوڕێیانییەوە گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەیەک لە "جەبەل"ی لوبنان.

ئەم نەخۆشخانەیە خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بوو کە هەژار لەماوەی دووساڵ و چەند مانگ مانەوە لەوێ، توانی زۆربەی کتێبەکانی ئەو کتێبخانەیە بخوێنێتەوە و ئاستی زانیاری خۆی لە سەر زمان و تۆرەی عەرەب بەرز بکاتەوە.

دواتر کە گەڕایەوە ئێراق، بوو بە ئەندامی "کۆڕی زانیاری" ئەو وڵاتە . مامۆستا هەژار سێ ساڵیش لە وڵاتی سووریا ژیانی بردە سەر . سەرەنجام ئەم کەسایەتییە پایەبەرزە پاش بیست و حەوت ساڵ دووری لە ئێران، گەڕایەوە وڵات و لە شارۆچکەی "عەزیمییە"ی شاری کەرەج لە ڕۆژاوای تاران، نیشتەجێ بوو.

لە هەمان سەردەمدا بوو کە دەستی دایە وەرگێڕانی "یاسا لە پزیشکی "دا بەرهەمی "ئەبووعەلی سینا".

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم بەرهەمە ،نێوی هەژار لە نێوەندەکانی ئەدەبی و زانستی دا کەوتە سەر زاران و بوو بە ئەندامی فەرهەنگستانی زمانی فارسی.

مامۆستا هەژار زۆربەی سات و کاتەکانی شەوانی خۆی بە خوێندنەوە و وەرگێڕان و نووسینەوە وەپشت سەر دەنا و لە بن سێبەری ئەو هەوڵە بێوچانە دا زۆر بەرهەمی گرانبایی خستە نێو کتێبخانەی کوردییەوە.

بۆنموونە دەکرێ ئیشارەت بدەینە ژومارێک لە بەرهەمەکانی ئەم کەسایەتییە پارەبەرزە:

- دیوانی شێعری بۆ کوردستان

- شەرح و ڕاڤەی دیوانی مەلای جزیری

- وەرگێڕانی یاسای پزیشکی ئیبنی سینا بۆ سەر زمانی فارسی لە حەوت بەرگ دا

- قامووسی هەنبانە بۆرینە

- چێشتی مجێور

- چوارێنەکانی خەییام

- وەرگێڕانی چەند بەرهەمێکی دوکتۆر عەلی شەریعەتی لە فارسییەوە بۆ کوردی

- وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز بۆسەر زمانی کوردی

و

وەرگێڕانی شەرەفنامەی شەرەفخانی بتلیسی لە فارسییەوە بۆ کوردی .

 

مامۆستا هەژار ،یەکێکە لە کەسایەتییە بە ناوبانگەکانی ئێران کە خاوەنی بە دەیان بەرهەمی گرانبایی دیکەیە.

خامەی بە هێز،زمانی پوخت و پاراو، بیری وردو داهێنەرانە و کەسایەتی ڕەوشت بەرزی ئەم نووسەرە ناودارە لە تەواوی بەرهەمەکانی دا خۆی دەنوێنێ.

سەرەنجام ڕۆژی پێنج شەممە ،دووەمی ڕەشەممەی ساڵی 1369ی هەتاوی (1991)، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد و بەرهەمەکانی بەیادگار بۆ هەمووان بە جێ هێشت. تەرمەکەی مامۆستا هەژار گەڕێندرایەوە شاری مەهاباد و لە گۆڕستانی "بوداغ سوڵتان"ی ئەو شارەدا لە تەنیشت "هێمن"ی نەمر دا ئەسپەردەی خاک کرا.

یادی هەزاران جار بەخێر.

 

Add comment


Security code
Refresh